نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا هەفتەی داهاتوو لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق، مۆسکۆ و تاران کۆدەبێتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

گەیر پیدەرسن، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ كاروباری سوریا، هەفتەی داهاتوو لە سەردانەکەیدا بۆ سوریا لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق، مۆسکۆ و تاران کۆدەبێتەوە.

لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، پێدەرسن داوای لە لایەنە سوریاییەکان کرد خولی نۆیەمی دواخراوی لیژنەی دەستووری سوریا لە مانگی نیسانی داهاتوو لە جنێڤ بەڕێوەببەن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە مۆسکۆ و دیمەشق ئەم پێشنیازەیان ڕەتکردەوە و داوایان کرد شوێنی کۆبوونەوەکە بگوازرێتەوە.

ڕۆژنامەی نیمچە فەرمی “ئەلوەتەن” ڕۆژی چوارشەممە رایگەیاند کە ئامانجی سەردانەکەی نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێکردنی بەڕێوەچوونی خولی نۆیەمی کۆبوونەوەکانی لیژنەی دەستووری سووریا بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، قوسەی زەحاک، نوێنەری دیمەشق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشنیازێکی بۆ بەڕێوەچوونی خولی دەستووری خستەڕوو، پێشبینیش دەکرێت لە سەردانەکەی پێدەرسن بۆ دیمەشق، ئەم پێشنیازە تاوتوێ بکرێت.

لە سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ باڵیۆزی ڕووسیا لە دیمەشق و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی فیدراسیۆنی ڕووسیا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا، ئەلێکساندەر یەفیمۆڤ و باڵیۆزی ئێران لە سووریا، حوسێن ئەکبەری کۆدەبێتەوە.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە