عێراق 625 ئاوارە لە کامپی هۆلەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەی

هەولێر– نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچبەرانی عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، عێراق 157 خێزان، کە دەکاتە 625 کەسی لە کامپی هۆلی رۆژئاوای کوردستانەوە دەگێڕێتەوە بۆ کامپی ئەلجەدەع لە نزیک شاری موسڵ لە عێراق.

گوتیشی، پاش هێنانەوەیان، چەند هەفتە یان مانگێکیان پێویست دەبێت بۆ گلدانەوەی ئەو خێزانانە لە کامپی ئەلجەدەع، دواتر رێگەیان پێدەدەن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان لە عێراق.

کامپی هۆل، بە ترسناکترین و بۆمبی کات بۆ دارێژراو دادەنرێت لە دونیادا، کە نزیکەی 55 هەزار کەسی تێدا دەژی، زۆربەی دانیشتووانەکەی خەڵکی عێراقن و ئاوارەی سووریا و خێزانەکانی داعش، کە لە نزیکەی 60 وڵاتی جیای جیهانەوە هاتوون لەو کامپەدا نیشتەجێن.

پێشتر قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا رایگەیاند، تا ئێستا 1924 خێزانی عێراقی لە کامپی هۆلەوە لە رۆژئاوای کوردستان گەڕێنراونەتەوە بۆ عێراق و بەردەوامیش دەبن لە گێڕانەوەیان.