مۆسکۆ گەڕاندنەوەی 32 منداڵی لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە راگەیاند

دیمەشق– نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، ماریا لڤۆڤا بیلۆڤا، کۆمیساری مافەکانی منداڵانی رووسیا رایگەیاند، 32 منداڵیان لە کەمپەکانی پەنابەرانەوە لە رۆژئاوای کوردستان گەڕاندوەتەوە وڵاتەکەیان.

بیلۆڤا کە لە فڕۆکەخانەی چکالۆڤسکی لە نزیک مۆسکۆ پێشوازی لە منداڵەکان دەکرد، بەپێی میدیاکانی رووسیا گوتویەتی، “پاش هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەریی خۆسەری، توانیویانە 32 منداڵ لە نێوان تەمەنی 5 بۆ 17 ساڵیدا بگەڕێننەوە بۆ کەسوکاریان لە رووسیا”.

گروپە  نوێیەکە لە 12 کوڕ و 20 کچ پێکهاتوون و پێشتر مۆسکۆ گروپەکانی دیکەی گەڕاندەوە، کە لەلایەن ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا لە ساڵی 2018ەوە راسپێردرابوون.

ماریا لوڤا بیلۆڤا گوتی: “بە لەبەرچاوگرتنی گروپەکەی ئەمڕۆ، بە بەشداریی ئێمە، بە گشتی 546 منداڵ گەڕێنرانەوە بۆ رووسیا، لە سووریا، عێراق، پاکستان و تورکیاوە”.

بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەریی خۆسەریی تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو پرۆسەیە نەداوە، کە بە گوتەی ئەو بەرپرسە رووسییە، بە هەماهەنگی لەگەڵیاندا ئەنجامدراوە.

داڕشتنەوەی:عەگید مشمش