مەسرور بارزانی لە ساڵیادی رێککەوتننامەی 11ی ئازاردا پەیامێک بڵاودەکاتەوە

هەولێر– نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لە ساڵیادی رێککەوتننامەی 11ی ئازاردا بڵاوکردەوە و دەڵێ: “دەستکەوتێکی مێژوویی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو، بەڕابەرایەتی بارزانیی نەمر”.

ئەمڕۆ 54 ساڵ بە سەر راگەیاندنی رێککەوتننامەی یازدەی ئازاری 1970دا تێدەپەڕێت، کە تیایدا حکومەتی ئەوکاتی عێراق ناچار بوو دان بە بەشێک لە مافەکانی گەلی کوردستاندا بنێت، بە تایبەتی رێککەوتن لە سەر هەموارکردنەوەی دەستووری کاتی و داننان بەوەی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی (عەرەب و کورد) پێکهاتووە و دەستووریشدا دان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کوردا نرا.

 بەڵام وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، دواجار رژێمی ئەو سەردەمەی عێراق، لە رێککەوتننامەکە پاشگەز بووەوە و پەنای بردەوە بۆ شەڕ و دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان و سەرەنجام عێراقی دووچاری ماڵوێرانی و کارەساتی گەورە کرد، کە تا ئێستاش خەڵکی عێراق، باجەکەی دەدەن.

لەم یادەدا، مەسرور بارزانی جەخت لە پێویستی و گرنگیی پاراستن و رێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.

راشیگەیاندووە، کە “خەڵکی کوردستان هەرگیز رێگە نادات مافەکانی پێشێل بکرێت و ستەم و زۆرداری لێ بکرێت و عێراق بگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری و تاکڕەوی”.