حکومەتی سووریا لە چوار دەروازەوە باجی نوێ دەخاتە سەر ناوچەکانی بەڕێوبەریی خۆسەریی

حەڵەب– نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەک لە بەڕێوبەرێتی یەکێک لە دەروازە حکومییەکان بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، فەرمانگەی ئاسایشی نیشتمانی حکوومەتی سووریا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کردنەوەی چوار دەروازەی بازرگانی لەگەڵ ناوچەکانی بەڕێوبەریی خۆسەریی لە گوندەوارەکانی دێرەزوور و حەڵەب.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە لە شەشی ئەم مانگەدا دەرچووە و ئامانجی فەرمانگەی نیشتمانی زیادکردنی وەرگرتنی باجە دوای بەرزکردنەوەی ترانزێت لە دەروازەکانەوە.

ئەو دەروازانەی کە پێشبینی دەکرێت بە شێوەیەکی نوێ بەڕووی جوڵەی بازرگانیدا بکرێنەوە بریتین لە، “بەقار – ئەلحەواج” لە گوندەواری دێرەزوور، هەروەها دەروازەکانی “ئەلتایهە – ئەسریا” لە گوندەواری مەنبیج لە نێوان بەڕێوبەریی خۆسەریی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی دیمەشقدا.

نۆرس پرێس کۆپییەکی “فەرمانی هاتوچۆی کارگێڕی، بەڵێننامە و دانپێدانان”ی دەستکەوتووە، کە تێیدا وردەکارییەکانی شۆفێر و بارهەڵگرەکان، جۆری بار، سەرپێچی و دەستبەسەرداگرتن بەهۆی سەرپێچییەوە ئاماژەی پێکراوە، بەڵێننامە و دانپێدانانی شۆفێران بۆ ئەوەیە پابەندبن بەو مەرجانەی، کە لە فەرمانی کارگێڕیدا هاتووە.

بەرپرسانی خاڵی پشکنین لە دەروازەکان بۆ هەر بارهەڵگرێک یەک ملیۆن لیرەی سووری وەردەگرن، بە مەرجێک بارەکە لە ماوەی ئەوپەڕی 24 کاتژمێردا دابەزێنرێت.

بەپێی سەرچاوەیەک لە ئیدارەی دەروازەکانەوە، تا ئێستا رەزامەندی لەسەر گواستنەوەی 40 جۆر کەرەستەی کشتوکاڵی و بازرگانی و پیشەسازی دراوە، وەکو گەنم، کەرەستەی پەتاتە، زەیتی زەیتون، رۆنی ئۆتۆمبێل و ئەوانی دیکە.

ئامادەکردنی: ئەردۆ جاوید – داڕشتنەوەی: تەیسیر محەممەد