“ئەنجومەنی نیشتمانی” یەکێتی دیموکرات بە بەرپرس لە سووتانی بارەگاکانی دەزانێت

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، پارتی یەکێتی دیموکراتی لە هێرشی سەر نووسینگەکانیان لە عامودێ و کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان بە بەرپرسیار دەزانێت.

سەرەتای ئەم مانگە، نووسینگەی ئەنجومەنەکە لە کۆبانی لەلایەن “تێکدەرانی نەناسراوەوە بارەگاکەیان سووتێنرا” و چەند رۆژێک دواتر، نووسینگەیەکی ئەنجومەنەکە لە عامودێش لە رۆژئاوای قامشلۆ، هێرشی دووەمی کرایە سەر.

پێرێ هەینی، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاڤا، دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیان بۆ دیاریکردنی تاوانبارانی روودەوەکە راگەیاند.

گوتەبێژی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد، فەیسەڵ یوسف، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئێمە پێمان وایە پەیەدە (پارتی یەکێتی دیموکرات) بەرپرسیارێتی تەواوەتی لە ئەستۆدایە لەو پێشێلکاریانەی روویانداوە و هەرکەسێک ئەمەی کردبێت لەبەرچاوی هەمووان ئەو کارەی کردووە، و پشتگوێخستن ئەم راستییە خۆی لە خۆیدا پێشێلکارییە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو رووداوانە خزمەت بە بەرژەوەندی گەلی کورد ناکەن و پاڵپشتی رێبازی دیالۆگ و دروستکردنی کەشوهەوای ئەرێنی لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا ناکەن.

گوتەبێژی ئەنجومەن ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پێشێلکارییانە “دۆخی باڵادەستی یەکێتی دیموکرات بەسەر ژیانی سیاسیدا چەسپاندووە و رەتکردنەوەی هاوبەشیی راستەقینەیە لەگەڵ باقی پێکهاتەکانی ناوچە کوردستانییەکان، لەوانەش پارت و هێزە سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان، دەبێتە ئاستەنگیش لە بەردەم هەر جۆرە هەوڵێک بۆ گەڕانەوەی ئەو دانوستانانەی کە لە نێوان ئەنجومەن و لایەنە کوردییەکاندا لەژێر چاودێری ئەمریکادا روویاندا”.

ناوبراو خوازیاری “وازهێنان لە دانانی بەربەست” بوو لەبەردەمیاندا، ئاماژەی بەوەدا کە جڤاتی نیشتمانیی کورد “جەخت لە رەوتی کاری سیاسی خۆی و خەبات بۆ مافەکانی گەلی کورد دەکاتەوە و هیچ هەوڵێکی زۆرەملێ لێرە و لەوێ کاری تێناکات”.

ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: تەیسیر محەممەد