لایەنە سیاسیەکانی عێراق بەبێ بەشداری سەدرییەکان کۆبوونەوە

تل تەمر – نۆرس پرێس

کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە سەرپەرشتی، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆتایی هات و تیایدا لەسەر شەش خاڵ رێکەوتن کە یەکێکیان، کاراکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانە. 

دوێنێ دووشەممە، لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە سەرپەرشتیی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاووتوێکردنی دۆخی سیاسیی عێراق کۆبوونەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا لایەنەکان ڕێککەوتوون کە پێویستە هەمووان بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن و جەختیان لە بەردەوامی دیالۆگی نیشتتیمانی کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، لیژنەیەک لە هێزە سیاسییە جیاوازەکان پێکبهێنرێت بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان و گەڵاڵەکردنی بیرۆکەی هاوبەش سەبارەت بە نەخشەڕێگا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی نیشتیمانی.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی کە لایەنەکانی کۆبوونەوەکە کۆکبوون لەسەری، کاراکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکان بووە.

ئەوەش هاتووە، له‌ خاڵێکی دیکەی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جەخت لە بانگهێشتی بزووتنه‌وه‌ی سه‌در كرایه‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌ ته‌كنیكی و سیاسییه‌كان و تاووتوێكردنی پرسە کێشە لەسەرەکان بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ر.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، خاڵی پێنجەمی کۆبوونەوەکە، جه‌خت كردنه‌وە بووە له‌سه‌ر پێویستی هێورکردنەوەی كه‌شی نێوان هێزه‌ سیاسییەکان و ڕێگریكردن له‌ شەڕی میدیایی و وتارە دزەپێکراوەکان کە زیان به‌ په‌یوه‌ندییه‌ برایه‌تییه‌ مێژووییه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت .

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، خاڵی شەشەم و کۆتایی کۆبوونەوەکە، جەختکردنەوە بووە لە بەدیهێنانی چاکسازی لە عێراق و هەموارکردنەوەی دەستوور و پابەندبوون بە بژاردە دەستوورییەکان لە هەموو قۆناغەکانی دیالۆگدا.