لە میانەی دیدارهكهیدا لەگەڵ بلینکن.. وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕەخنە لە پشتیوانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەگرێت
دیمەشق – نۆرس پرێس
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دوێنێ هەینی، لە میانی دیدارەکەی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن لە واشنتۆن، ڕەخنەی لە پشتیوانی ئەمریکا گرت بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات.
فیدان چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ شاندێکی تورکیا گەیشتە پایتەختی ئەمریکا، کەناڵی “TRT”ی تورکی ڕایگەیاند کە هەردوولا چەند پرسێکی هەڵپەسێردراوی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کردووە.
فیدان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی تورکیای ڕاگەیاند، “پاڵپشتی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات، گەورەترین بەربەسته لە بەردەم پەیوەندییەکانمان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندی نێوان ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات ”پێویستە بە زووترین کات بوەستێت”.
کەناڵەکە بڵاویکردەوە، وەزیری تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا باسی له “میکانیزمێک لە نێوان واشنتۆن و تورکیا كردووه بۆ ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیادا”.
لایەنی ئەمریکی یان تورکی تا کاتی ئامادەکردنی ئهم هەواڵە هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەبارەی سەردانەکە بڵاونەکردەوە.