تورکیا سنووری شێلادزێی بۆردوومان کرد و دوو هاووڵاتی سڤیل شەهید بوون

دهۆک – نۆرس پرێس

درەنگانی شەوی پێنجشەممە، درۆنە جەنگییەکانى تورکیا هێرشیانکردە سەر ناوچەی شیلادزێ لە سنووری پارێزگای دهۆک و دوو هاووڵاتی سڤیلیان شەهید کرد و یەکێکی دیکەش برینداربوو.

شایەتحاڵێک لە ناوچەکەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کە درەنگانى شەوی رابردوو چوار هاووڵاتی گوندی دێوکەی سنوری شیلادزێ بە مەبەستى کۆکردنەوەى گژوگیایی بەهارە روویان لە کوێستانەکانی ناوچەکە کردووە، درۆنە جەنگیەکانى دەوڵەتی تورکیا بۆردومانى ناوچەکەیان کردووە و بەهۆیەوە دوو کەس شەهیدبوون و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.

جگە لە رۆژئاوای کوردستان، کە هەمیشە ئامانجی درۆن و فڕۆکەکانی تورکیا بووە، هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی سڤیلی شار و شارۆچکەکانی هەروا دەکەونە بەر هێرشی بێ پاساوی درۆنەکانی تورکیا و ئێران و بە بەردەوامی شەهید و بریندار و سووتانی کێڵگە و ماڵ و زیانی جۆراوجۆریان لێدەکەوێتەوە.