پاش بڕینی ئاو لە یونسێفەوە.. هۆشداری دەدرێت لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە کامپ ئاوارەکانی عەفرین
گوندەواری عەفرینی داگیرکراو – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسێکی خزمەتگوزاری لە کامپی ئاوارەکانی عەفرین، کە لەلایەن بەڕێوبەریی خۆسەرییەوە بەڕێوەدەبرێت لە گوندەواری باکووری حەڵەب رایگەیاند، قەیرانی ئاو رۆژانە خراپتر دەبێت، دوای ئەوەی یونیسێف ئەو ئاوەی بڕیووە، کە بۆ دانیشتوانی کامپەکان دابین دەکرا، ئەمەش لەکاتێکدایە هۆشدارییەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا لەئارادایە.
یونیسێف لە 15ی شوباتەوە ئاوی بڕیووە و چەند رۆژێک دواتر بەڕێوبەریی خۆسەریی راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی “بە بڕیارەکەی یونیسێف تووشی شۆک بوون” و داوای پاشگەزبوونەوەیان کردووە.
مەحمود رەشید، هاوسەرۆکی دەسەڵاتی شارەوانی لە گوندەوارەی عەفرین، رایگەیاند، پاش ئاوارەبوونی هاوڵاتیانی عەفرین لە دوای هێرشەکەی تورکیاوە، یونیسێف ئاوی بەسەر ئاوارەبووان لە کامپەکان و ناوچەی تل رەفعەت و گوندەکانی دەوروبەریدا دابەش دەکرد، بەڵام ساڵانە بڕەکەی کەمی کردووەتەوە.
دوو ساڵ لەمەوبەر رێکخراوەکە ئاوی لەوە ئاوارانە بڕی، کە لە کامپەکاندا نەدەژیان و بڕی ئاوەکەی بۆ کامپەکانیش بۆ نیوە کەمکرانەوە و گوتیشی: “سەرمان سوڕماوە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر هەموو ئاوی ناوچەکە بڕاوە، ئێمەش هۆکارەکەی نازانن، هەروەها هیچ زانیارییەک سەبارەت بە بڕیارەکەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە نەخراوەتەڕوو”.