بەڕێوبەریی خۆسەریی: هەنگاوی گەورەمان ناوە لە نۆژەنکردنەوەی کارگەی غازی سوەیدییەدا

دێریک – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسێکی کەرتی خزمەتگوزاری بەڕێوبەریی خۆسەریی بە نۆرس پرێسی راگەیاند کە “هەنگاوی گەورە”یان ناوە لە هەوڵەکانیان بۆ نۆژەنکردنەوەی وێستگەی غازی سوەیدییە لە گوندەواری دێریک لە رۆژئاوای کوردستان، کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیاوە لە سەرەتای ئەمساڵدا زیانی زۆری پێگەشت.

هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، پاڵاوگەکانی نەوت و دامەزراوەکانی وزە و گاز و ئاوی کردە ئامانج و قەیرانی ژیانیان لە ناوچەکەدا دروستکرد، دیارترینیان پچڕانی کارەبا بوو، کە بەهۆیەوە نرخی غازی ناوخۆ گەیشتووەتە 10 دۆلار بۆ هەر بوتڵێک.

بەڕێوەبەری وێستگەی غاز لە دامەزراوەی سوەیدیە، عەگید عەبدولمەجید رایگەیاند، لە یەکەم ساتەکانی دوای کۆتایی هاتنی بۆردومانەکەوە دەستپێشخەرییان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی پارچە و عەمبار و هێڵەکانی ناو وێستگەکە، کە زیانیان پێگەیشتووە، ئەوەش لە رێگەی هەوڵیانەوە بۆ هێنانی ئەو پارچانەی کە لە دەرەوە بەردەست نەبوون.

بەڕێوەبەری کێڵگەکە ماوەیەکی دیاریکراوی دیاری نەکرد بۆ گەڕانەوەی کارگەکە بۆ خزمەتگوزاری، بەڵام گوتی “پێشکەوتنی گەورەیان لە کارەکانی چاککردنەوەدا بەدەستهاتووە”، ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە ستافەکە لەوانەش تەکنیکاران و ئەندازیاران، بە درێژایی کات لە ئامادەباشیدایە.

عەبدولمەجید ئاماژەی بەوەشکرد، گرانبوونی نرخی غاز لە ئێستادا دەگەڕێتەوە بۆ تێچووی هاوردەکردن و خەرجییەکانی گواستنەوە و دابەشکردن، جەختیشی لەوە کردەوە کە نرخەکە بەم شێوەیە نامێنێتەوە کاتێک کارگەکە دەکەوێتەوە گەڕ.

بەڕێوەبەری کارگەکە ڕایگەیاندووە کە بۆردومانەکەی تورکیا زیانێکی دارایی و ئابووری گەورەی لێکەوتووەتەوە، “بەهۆی ئەو هێرشە ئاسمانییانەوە کورتهێنان لە بودجەی بەڕێوبەریی خۆسەریدا دروست بووە.”

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش