دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان فەرمانی دەستگیركردن بۆ دوو سەرکردەی رووسی دەردەكات

دیمەشق – نۆرس پرێس

دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان فەرمانی دەستگیرکردنی لەدژی دوو فەرماندەی دیاری سەربازی ڕووسیا بە ناوەكانی سێرگی ئیڤانۆڤیچ کۆبیلاش و ڤیکتۆر نیکۆلایڤیچ سۆکۆلۆڤ دەركرد، بەهۆی تۆمەتبارکردنیان بە ئەنجامدانی “تاوانی جەنگ” لە ئۆکراینا .

لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوودا، دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بڕیارێکی دەرکرد بۆ دەستگیرکردنی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و ماریا ئەلێکسیڤنا لڤۆڤا بیلۆڤا، کۆمیساری مافەکانی منداڵانی ڕووسیا بەهۆی دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێی منداڵان لە ئۆکراینا بۆ ڕووسیا.

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دوێنێ ڕایگەیاند، بەڵگە هەیە بۆ ئەوەی بیسەلێنین ئەو دوو تۆمەتبارە بەرپرسیارن لە هێرشە مووشەکییەکان کە لەلایەن هێزەکانی ژێر فەرماندەیی ئەوانەوە بۆ سەر ژێرخانی کارەبای ئۆکراینا ئەنجامدراون، لە ماوەی 10ی تشرینی یەکەمی 2022 تا مانگی ئاداری 2023.

لەبەرامبەردا کرێملین وەڵامی بڕیارەکەی دادگاكەی دایەوە و رایگەیاند دانی بەو دوو فەرمانی دەستگیرکردنەدا نانێت کە دەرکراون.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە