لە ژێر فشاری خۆپیشاندەران دەستەی تەحریر شام لێبوردن بۆ زیندانیان دەردەكات

ئیدلب – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرە) ی پێشوو لە ژێر فشاری خۆپیشاندانەكان، بە چەند مەرجێك، لێبوردنی گشتی بۆ سەرجەم زیندانیانی ناو گرتووخانەكانی دەرکرد.

ئەو بڕیارەی تەحریر شام هاوکات بوو لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ڕەتکردنەوەی سیاسەتی ئەم گرووپە کە کۆنترۆڵی سەربازیی لە ئیدلب و هەندێک ناوچەی گوندەواری حەلەب هەیە خۆپیشاندەران داوای لابردنی سەرکردەی ئەم گرووپە “ئەبو محەمەد جولانی و ئازادکردنی گیراوان دەكەن.

لای خۆیەوە حکومەتی ڕزگاری لە راگەیەندراێكدا بڵاویکردووەتەوە، بەبۆنەی مانگی ڕەمەزانەوە لێبوردنی گشتی بۆ هەموو تاوانباران پەسەندکراوە.

لە بڕیاری لێبوردنەکەدا، کۆمەڵێک مەرج دانراوە، لەوانە بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی هەڵسوکەوتی باش لەلایەن بەرپرسانی زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن.

هاوکات لەگەڵ بڕیاری لێبوردن و خۆپیشاندانەكان، تەحریر شام  دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی شارۆچکەی دارەت عززا لە گوندەواری حەلەب داخست دەیان كەسی دیكەی دەستگیركرد.

دارشتنەوەی: سەعد یازیچی