ئەردۆغان هەڕەشەی بەردەوامیی کردەوە سەربازییە زەمینییەکان دەکاتەوە لە رۆژئاوای کوردستان

قامشلۆ – نۆرس پرێس

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەڕەشەی لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی کردەوە سەربازییەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە بەشێک لە سنوورەکانی باشووری وڵاتەکەی لە رێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووەوە مسۆگەر کراون و نیازی تەواوکردنی ئاسایشی تەواوەتییان هەیە، هۆشداریشیدا بە لایەنەکانی سووریا، کە ناڕەزایەتی دەرنەبڕن بەرامبەر هەنگاوەکانی داهاتوویان.

ئەردۆغان لە گوتارێکدا دوای سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی حکومەت لە ئەنقەرە، دوێنێ دووشەممە، گوتی “تورکیا هێشتا بەنیازە بەرەو پێشەوە بچێت لە دامەزراندنی پشتێنەیەکی ئەمنی بە قوڵایی 30-40 کیلۆمەتر لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ سووریا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “حکومەتەکەی بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەبێ گوێدانە ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە، چ لە ناوخۆی تورکیا بێت یان لە دەرەوەی تورکیا”.

ناوبراو لە هەڕەشەیەکدا بۆ سەر وڵاتانی گەرەنتیکەر لە ناوچەکەدا ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو وڵاتانە “دەبێ رێز لەم ستراتیژە ئەمنییە بگرن، بە پێچەوانەوە دەبنە هۆکاری ئەو گرژیانەی کە سەرهەڵدەدەن”.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان