دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە دوو ڕێکخراوی ناحکومی رایانگەیاند کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە ماوەی ساڵی 2023 دا سزای لەسێدارەدانیان بەسەر 834 کەسدا جێبەجێ کردووە، کە زۆرترین ژمارەی لە سێدارەدانە لە ساڵی 2015 ەوە تا ئێستا.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی “مافی مرۆڤ لە ئێران” و “هاوپەیمانی جیهانی دژی لە سێدارەدان” لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیە، ئەمە دووهەمین جارە کە زیاتر لە 800 کەس لە ئێران لە سێدارە بدرێن، دوای ئەوەی لە ساڵی 2015 دا 972 كەس لە سێدارەدران.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەندامانی کەمایەتییە نەتەوەییەکان و بە تایبەت بەلووچەکان لە باشووری ئێران، زۆرترین ڕێژەی ئەو کەسانە پێکدەهێنن کە بەهۆی سزادان لە کەیسەکانی پەیوەست بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە سێدارە دەدرێن.
ئەو دوو ڕێکخراوە تارانیان تۆمەتبار کردووە بە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس لە ناوخۆی ئەم وڵاتەدا لە دوای ئەو ناڕەزایەتییە بەربڵاوانەی دژی دەسەڵاتدارانی ئێران روویاندا لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی 2022 بەهۆی كوژرانی ژینا ئەمینی.
مەحموود ئەمیری بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران، ، دەڵێت: چاندنی ترسی کۆمەڵایەتی تاکە ڕێگەی ڕژێمەكەیە بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و سزای لەسێدارەدان گرنگترین ئامرازی ئەو دەسەڵاتەیە. دەشڵێت ژمارەی لە سێدارەدان لە ئێران ژمارەیەكی زۆر بەرزە.