ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس
لە نێوان دڵنیاییدانی بەردەوامی جۆ بایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا بە راگەیاندنی ئاگر بەست لە غەززە و مەرجەکانی ئیسرائیل و حەماس بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین سوود لە ئاگربەست، تا ئێستا هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەو روەوە بەدیناکرێت.
بڕیار وایە دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە قاهیرە دەستپێبکاتەوە بە نێوبژیوانیی هەریەک لە ئەمریکا، قەتەر و میسر، بە گوێرەی زانیارییەکان ئاگربەستەکە بۆ ماوەی شەش هەفتە بەردەوام دەبێت.
دوێنێ یەکشەممە، بەرپرسێکی باڵای حەماس، کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس، مەرجەکانی حەماسی بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل ئاشکراکردووە، کە بریتین لە گەڕانەوەی ئاوارە فەڵەستینیەکانە بۆ باکووری غەززە و رێگەدان بە تێپەڕینی هاوکاریی مرۆیی زیاتر بۆ ناوچەکە.
بڕیارە بەمنزیکانە و بەر لە هاتنی مانگی رەمەزان، دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە قاهیرە بە نێوبژیوانی هەریەک لە ئەمریکا، قەتەر و میسر دەستپێبکاتەوە.
دوێنێ شاندی بزوتنەوەی حەماس و قەتەر و ئەمریکا گەیشتنە قاھیرەی پایتەختی میسر، بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە.
بە گوێرەی ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز، جێگری سەرۆکی حەماس سەرکردایەتی شاندەکەیانی دەکرد، راشیانگەیاندبوو کە ئیسرائیل نیازی نییە ھیچ شاندێک بنێرێتە قاھیرە، تا ئەو کاتەی لیستی ناوی ئەو بارمتانەی بەدەستدەگات کە ھێشتا زیندوون و لە غەززەن، هەر لەبەر ئەم هۆیەش ئیسرائیل بایکۆتی دانوستانەکانی قاهیرەی بۆ ئاگربەست لە غەززە راگەیاند.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە حکومەتی تەلئەڤیڤ، دانوستاندنەکانی ئاگربەستی غەززەی لە قاهیرە بایکۆتکردووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندرووستی سەر بە حەماس، لە پاش هێرشەکەی حەوتی تشرینی یەکەمی بزوتنەوەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل و هەڵهیرسانی جەنگی غەززە تا ئێستا نزیکەی 30500 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و تەنها لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 90 کەسیان کوژراون.