بەڕێوبەری خۆسەر شەهیدبوونی کچەخوێندکارێکی تری بۆردومانەکەی پێشووی تورکیای راگەیاند

مەنبیج – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان شەهید بوونی خوێندکارێکی راگەیاند کە دوو هەفتە لەمەوبەر بەهۆی بۆردومانێکی تورکیا بۆ سەر ناوەندێکی پەروەردەیی برینداربوو.

خۆسەری لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا رایگەیاندووە، ئەو خوێندکارە ناوی سلاڤا رەمەزانە، بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە.

لە 19ی ئابی رابردوودا، بەڕێوبەری خۆسەر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیا بۆردومانی ناوەندێكی پەروەردەی تایبەت بە كچانی ژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكانی كردووە، لە گوندی شەموكە، نزیك بە بنكەیەكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لەسەر رێگەی سەرەکی تل تەمر و حەسەکە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا 4 منداڵ گیانیان لەدەستداوە و 11ی دیکەش برینداربوون کە سەرجەمیان کچن.