“تەحریر شام” ڕێگری لە بەرپرسانی حکومەتی رزگاری دەکات، سەردانی زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو حکومەتە بکەن
ئیدلب – نۆرس پرێس
لەگەڵ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان و دەستگیرکردنەکان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی دەستەی تەحریر شام، ئەمڕۆ یەکشەممە دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرە) ی پێشوو ڕێگریان لە بەرپرسانی “حکومەتی ڕزگاری” کرد بۆ سەردانی گرتووخانەکانی شێخ بەحر و حاریم، لە ڕۆژئاوای ئیدلب.
زیاتر لە هەفتەیەکە ئیدلب و گوندەوارەكانی و بەشێک لە گوندەواری حەلەب بەردەوام خۆپیشاندانیان تیادا بەڕێوەدەچێت و داوای ئازادکردنی سەدان دەستگیرکراو و لابردنی ئەلجولانی سەركردەی تەحریر شام دەکەن رۆژی هەینیش خۆپیشاندەران بە ڕێژەی زیاتر هاتنە دەرەوە لە 16 خاڵ دەستیان بە گردبوونەوە كرد.
سەرچاوەیەکی كارگێڕی لە دەستەی تەحریر شام بە نۆرس پرێسی راگەیاند، چوار بەرپرسی حکومەتی ڕزگاری، نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ، دادوەری و بەرگری، هەوڵیاندا سەردانی هەر یەكە لە زیندانەكانی حاریم کە نزیکەی 2200 دەستگیرکراوی تێدایە و زیندانی شێخ بەحر، کە نزیکەی 1600 دەستگیرکراوی تێدایە، بكەن.
ناوبراو بیانووی رێگرییەكەی بۆ ئەوە گەڕاندووە کە دەسەڵاتی ئەمنی ملکەچی هیچ حکومەت و لایەنێکی سیاسی نابێت.
دوێنێ شەممە، دەزگای ئەمنی گشتی دەستەی تەحریر شام هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی لە کەمپی کللی و ئەتمەی باکووری ئیدلب دەستپێکرد و دەیان کەسیان بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر ئاسایش و بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی دژی ئەبو محەمەد ئەلجولانی سەرۆکی دەستەی تەحریر شام دەستگیرکرد.
ئەو سەرچاوەیە ڕوونی کردەوە ئەم هەنگاوەی “حکومەتی ڕزگاری” لە دوای خۆپێشاندانەکانی دژی دەستەی تەحریر شام و تووڕەیی دانیشتووانی ئەو ناوچانەدا هات، كە داوایان کرد چارەنووسی دەستگیرکراوان ئاشكرا بکرێن و سەرۆکی گروپەکەش نەمێنێت.