هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسێکی باڵای حەماس، کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس، مەرجەکانی حەماسی بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل ئاشکراکرد.
ئەو بەرپرسەی حەماس رایگەیاندووە، کە یەکێک لە مەرجەکانی ئەوان گەڕانەوەی ئاوارە فەڵەستینیەکانە بۆ باکووری غەززە و مەرجێکی دیکەش رێگەدانە بە تێپەڕینی هاوکاریی مرۆیی زیاتر بۆ ناوچەکە.
بڕیارە بەمنزیکانە و بەر لە هاتنی مانگی رەمەزان، دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە قاهیرە بە نێوبژیوانی هەریەک لە ئەمریکا، قەتەر و میسر دەستپێبکاتەوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندرووستی سەر بە حەماس، لە پاش هێرشەکەی حەوتی تشرینی یەکەمی بزوتنەوەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل و هەڵهیرسانی جەنگی غەززە تا ئێستا نزیکەی 30500 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و تەنها لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 90 کەسیان کوژراون.