ئیمامئۆغڵو: لەپەیوەندیم بەگەلی کوردەوە پێویستم بەهیچ نێوەندگیرییەک نییە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ دەڵێ، هیچ کەسێک ناتوانێت بێتە نێوان ئەوو گەلی کوردەوە، دهشڵێت:”لەپەیوەندییم بەگەلی کوردەوە پێویستم بەهیچ نێوەندگیرییو کەسایەتیەکی سیاسیی نییەو پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان مۆ و کوردانی ئیستانبوڵدا هەیە”.
ئیمامئۆغڵو، کە خواستی ئەوەی هەیە بۆ خولێکی تر پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانی گەورەی ئیستانبوڵ بەدەستبهێنێتەوە، دەڵێ “من و هاووڵاتیانی کوردی شارەکە لەیەکتر تێدەگەین و یەکترمان خۆشدەوێت و مێشک و دڵی یەکتر دەخوێنینەوە”.
راشیگەیاند :”ئێستا کوردێکی زۆر لەئیستانبوڵ دەژینو پەیوەندیی نزیکی کور و ئیستانبوڵ بۆ ماوەیەکی زۆر دێرین دەگەڕێتەوە، بەشێوەیەک بیرمەندو زانای گەورەی کورد هەبوون کە لەسەردەمی سوڵتان سلێمانی قانونیدا لەئیستانبوڵ نیشتەجێبوون”.
ئیمامئۆغلۆ لە هەوڵی راکێشانی دەنگدەرانی کوردایە بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ دەڵێ: “لەسەردەمی سوڵتان عەبدولحەمید، رۆڵەی سەردارانی کورد بانگهێشتی ئیستانبوڵ کراون و لەپەنجاکانی سەدەی رابردوشدا کرێکارانی کورد روویان لەشارەکە کردووە، ئێستاش رۆڵێکی گرنگیان لەگۆڕانکارییەکانی ئەوشارەدا هەیە، بەکورتی، کوردو ئیستانبوڵ لەیەکتر جیاناکرێنەوە”.
لەکۆتایی لێدوانەکانیدا ئیمام ئۆغڵو وتوشیەتی، “دیسان دەڵێم هێڵێکی راستەوخۆی خۆشەویستیی لەنێوان ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو و کورددا هەیە، من لەچاوو دڵیانەوە سەیری ئیستانبوڵ دەکەم”.