تەرمی سێ شەهیدی ئاسایشی رۆژئاڤا لە دێریک بەخاک سپێدران
دێریک – نۆرس پرێس
ئێوارەی پێنجشەممە، سەدان کەس لە دانیشتووانی شاری دێریکی رۆژئاوای کوردستان، بەشدار بوون لە بەخاکسپاردنی تەرمی سێ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاڤا، کە بەهۆی بۆردومانێکی تورکیاوە گیانیان لەدەستدا.
دوێنێ چوارشەممە، فەرماندەیی گشتیی هێزە سوریانییەکانی سەر بە ئاسایشی رۆژئاڤا رایانگەیاند، کە بەهۆی هێرشی ئاسمانی تورکیاوە بۆ سەر شاری دێریک، سێ لە ئەندامەکانیان گیانیان لەدەستداوە.
سەدان کەس لە دانیشتووانی شاری دێریک و ناوچەکانی کۆچەرات و گێرکی لەکی بەشدارییان لە مەراسیمی پرسەکەدا کرد، کە بە پێ لە نەخۆشخانەی نیشتمانی دێریکەوە بەرەو ناوەندی “ئەلشەبیبە” لە شارەکە رۆیشتن.
لە کاتی مەراسیمەکەدا چەندین وتار پێشکەش کران، لەوانە وتارێکی دایکی سیاسەتمەداری کۆچکردوو هێڤرین خەڵەف، وتارێکی یەکێتی سوریانی و وتارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سوریانییەوە “سۆتۆرۆ”.
ئامادەبووان و وتاردەران هێرشەکانی تورکیایان بۆ سەر گەلانی ناوچەکە (سوریانی، کورد و عەرەب) شەرمەزار کرد، هەروەها رۆڵی گەلانی ناوچەکەیان بەرز نرخاند لە پاراستنیان و گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیریی، سەرەڕای پەرەسەندنی تورکیا و بەردەوامی بۆردومانکردنی ناوچە و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان.