پاش گرانبوونی نرخەکان.. نوسینگەکانی گواستنەوە لە حەسەکە داخران

حەسەکە – نۆرس پرێس

شارەوانی حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، بەهۆی نەدانی کرێی ساڵانەوە، زۆربەی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی داخست، ئەوەش پاشئەوەی چەند جارێک کرێی فەرمانگەکانیان بەرزکردەوە.

شارەوانی کرێی ساڵانەی بەشێک لە فەرمانگەکانی لە یەک ملیۆن و نیوەوە بەرزکردەوە بۆ 10 ملیۆن لیرەی سووری.

عومران حسێن، کارگێڕی فەرمانگەی گواستنەوەی پەروان لە حەسەکە رایگەیاند، شارەوانی چوار مانگ پێش ئێستا ئاگاداری کردوونەتەوە سەبارەت بە بەرزکردنەوەی تێچووی ساڵانە، “بەڵام کەس ئەو بڕە پارە زۆرەی نەداوە، لە کاتێکدا هەموو شارەکانی تر ملیۆن و نیوێکیان داوە و گرێبەستە ساڵانەیەکانیان نوێکراونەتەوە”.

ناوبراو بە نۆرس پرێسی گوت، دوای ئەوەی ئێمە ئامادە نەبووین ئەو بڕە پارەیە بدەین، دوو رۆژ لەمەوبەر شارەوانی هات و هەموو فەرمانگەکانی بە مۆری سوور داخست.

ئاماژەدان بەوەی کە پێدانی بڕە پارەیەکی زۆر دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی کرێی گواستنەوە و زیانی راستەوخۆ بە گەشکەران دەگەیەنێت.

لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا گەراجی حەسەکە گرفتی کەمی ژمارەی پاسیان هەبوو، بەپێچەوانەی رۆژانی دیکەوە کە قەرەباڵغی و هاتوچۆی زۆری تێدا بەدیدەکرا.

هاوسەرۆکی شارەوانی حەسەکە، سەعدیە کوتی، رایگەیاند، لە کۆی 23 نوسینگە، تەنها پێنجیان مووچەی ساڵانەی خۆیان داوە، هەروەها ئەو نوسینگانە بە گرێبەستی کرێ لە چوارچێوەی دوکانەکانی سەر بە شارەوانیدا کار دەکەن.

هەروەها بە نۆرس پرێسی گوتووە: “کرێی فرۆشگاکانی دەرەوەی گەراجەکە زیاترە لە 100 دۆلارە، بەڵام ئێمە داوای نیوەی ئەو بڕە دەکەین، لە کۆتاییدا ئێمە دامەزراوەیەکی خزمەتگوزاریین و دەبێت خزمەتگوزاری پێشکەش بە شارەکە بکەین، لە داهاتەکانەوە ئەم خزمەتگوزارییانە پێشکەش دەکەین، کە لە کرێی دوکان و گەراجەکان و سزاکانەوە کۆدەکرێنەوە”.

کوتی ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی خاوەنەکانیان پارەی کرێی خانووەکەیان دەدەن، ئەو فەرمانگە داخراوانە دەکرێنەوە، کە دەتوانن بە قیست یان مانگانە بیدەن، “دوو رۆژمان پێداون، بەپێچەوانەوە دەبێت چۆڵ بکرین و بدرێن بە کرێچیەکانی دیکە”.

ئامادەکردنی: دڵسوز یوسف – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش