بنکەیەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دێرەزوور كرایە ئامانج
دێرەزوور– نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە یەکێک لە بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردومان كرا.
بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە هەر یەكە لە سوریا و عێراق چەندین جار هێرشیان کراوەتە سەرهێرشەكانیش لەلایەن گرووپی بە ناو “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” ئەنجام دەدرێن.
سەرچاوەیەک بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کێڵگەی نەوتی عومەر لە گوندەواری دێرەزوور.
چەند هەفتەیەك لەمەوبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندین هێرشی ئاسمانی بۆسەر پێگەی میلیشیاكانی لایەنگری ئێران لە عێراق و سوریا ئەنجامدا.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی، پێنج مووشەک ئاراستەی بنکەی ئەمریکی لە کێڵگەی نەوتی عومەر کراوە، هەروەها بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشی کراوەتە سەر.
ئەم سەرچاوەیە راشیگەیاند لە کاردانەوە ئەم بۆردومانە، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر پێگەی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە گوندەواری دێرەزوور و زیانی ماددی و مرۆیی لێكەوتووەتەوە.