کۆبوونەوەیەک لە نێوان فەتح و حەماس ئەنجامدرا و دوو وڵاتی عەرەبی هاوکارن لە پێکهێنانی حکومەتی فەلەستیندا
دیمەشق – نۆرس پرێس
حوسام زومڵت، باڵیۆزی فەلەستین لە بەریتانیا رایگەیاند، قەتەر و میسر هاوکار دەبن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی تەکنۆکراتی فەلەستینی.
دووشەممەی رابردوو، سەرۆکایەتی فەلەستین رایگەیاند، کە دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی محەممەد ئەشتییە، سەرۆکوەزیرانی فەلەستینی قبوڵ کردووە، دوای ئەوەی محەممەد ئەشتییە، دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی خستە بەردەستی سەرۆکی فەلەستین.
زۆمڵت گوتیشی، “حەماس لە حکومەتی نوێی تەکنۆکراتیدا ئەندامی نابێت” و ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی نوێ “بڕیاردراوە بۆ یەکخستنی فەلەستینییەکان و جوگرافیاکەیان و سیستەمی سیاسییان”.
باڵیۆزی فەلەستین ئاماژەی بەوەدا کە “هیوادارە پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکرات، هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی فەلەستینی بەدوادا بێت”، بەڵام خشتەی کاتی دیاریکراوی بۆ جێبەجێکردنی ئەم کارە باس نەکرد.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، فەتح و حەماس هەوڵەکانیان داوە بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی یەکگرتووی نیشتمانی و بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە هەردوو بزووتنەوەکە لە مۆسکۆ بەشداری کۆبوونەوەیەک بکەن.