لە دوو هێرشدا لە کەنەدا 10 کەس بە چەقۆ دەکوژرێن و 15ی دیکەش بریندار دەکرێن

هەولێر- نۆرس پرێس

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، رۆندا بلاکمۆر، ئەفسەری پۆلیسی پارێزگای ساسکاچوانی باشووری کەنەدا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە 13 شوێنی دوو ناوچەی پارێزگاکە بۆ قوربانییانی هێرشەکە گەڕاون و لە ئەنجامدا “تەرمی 10 کەسیان” دۆزیوەتەوە.

بلاکمۆر گوتیشی، “ژمارەیەک کەسی دیکەش بریندارکراون و 15 لەوانە گواستراونەتەوە بۆ چەند نەخۆشخانەیەک” ئاماژەی بەوەش کرد کە لەم کاتەدا ئەوان بۆ دوو گومانلێکراو دەگەڕێن و “لێکۆڵینەوە لە زۆر شوێنی تاوان دەکەن.”

پارێزگای ساسکاچوان یەکێکە لە 10 پارێزگاکەی کەنەدا کە ژمارەی دانیشتووانەکەی ملیۆنێک و 186 هەزار کەسە.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆش کە دەکاتە ئێوارەی کەنەدا، جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە تویتەر رایگەیاند، ئەوان “لە نزیکەوە” چاودێریی دۆخەکە دەکەن، هاوکات هێرشەکانی بە “تۆقێنەر و”ناخ هەژێن” وەسفکرد.

هاوکات، لە کاتی کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەکە، وێنەی دوو گومانلێکراویان بە ناوەکانی دامین ساندەرسنی تەمەن 31 ساڵ و مایلیس ساندەرسنی تەمەن 30 ساڵ هەڵواسران کە وەکو پۆلیس دەڵێت: تۆمەتباری هێرشەکەن.

بەیانیی رۆژی یەکشەممە هۆشدارییەک لەبارەی “کەسێکی مەترسیدار” لە پارێزگای ساسکاچوان دەرکرابوو و پۆلیس رایگەیاندبوو، لە چەند شوێنێکی شارۆچکەی وێڵدنی نێوەڕاستی پارێزگاکە بەدواداچوون بۆ ژمارەیەک هێرش دەکەن کە بە چەقۆ کراون.

بلاکمۆر لەو بارەیەوە دەڵێت، ئەوان پێیانوایە کە ژمارەیەک “لە قوربانییان ئامانجی هێرشکارەکان بوون و ئەوانی دیکەش بە شێوەیەکی هەڕەمەکی هێرشکراوەتە سەریان.”

پۆلیس دەشڵێت، لە پارێزگاکانی مانیتۆبا و ئالبێرتای دراوسێی ساسکاچوانیش هۆشداری لە رووداوی هاوشێوە دراوە. ناوچەیەک کە رووبەرەکەی هێندەی نیوەی هەموو ئەوروپا دەبێت.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، تەندروستیی ساسکاچوان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، “چەند کەسێک لە ژمارەیەک نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن و داوای ستافی پزیشکیی زیاتریان کردووە بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشەکان بکەن.”

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی کەنەدا، لە ساڵی 2021دا 788 کەس کوژراون کە 242 یان بە چەقۆ و 297 شیان بە رووداوی تەقەکردن بووە.