کوژرانی فەرماندەیەکی سوپای پاسداران لە تەقینەوەیەکدا لە دێرەزوور

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی یەکشەممە/دووشەممە، فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرا و فەرماندەیەکی دیکەش لە بۆردومانێک، کە ئۆتۆمبێلەکەیانی کردە ئامانج، رزگاری بوو، هاوکات دوو ئەندامی هێزەکانی (دیفاع وەتەنی) بە تەقەی ئەندامێکی هێزەکانی حکوومەت لە گوندەواری دێرەزوور کوژران.

سەرچاوەیەکی سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران لە دێرەزوور، رایگەیاند، کە چەکدارانی نەناسراو بۆمبێکی چێنراویان لە ناو ئۆتۆمبێلی ئەو فەرماندەیەدا بە ناوی “عەلی ئەلزەلال” داناوە، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و هەڵگری رەگەزنامەی عێراقییە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، پاش برینداربوونی ئەو فەرماندەیە، دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و ئەوی دیکەش بە سوکی بریندار بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای پاسدارانی ئێران، لێکۆڵینەوە لە گەڵ سەرجەم ئەندامانی بارەگاکەدا دەکەن، سەبارەت بە چاندنی ئەو بۆمبە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا.

سەرچاوەیەکی سەربازیی سەر بە (دیفاع وەتەنی) لە رۆژئاوای دێرەزوور رایگەیاند، ئەندامێکی فیرقەی چواری هێزەکانی حکومەت لەسەر بازرگانی دومەڵان لە نزیک بازاڕێکی چواردەووری بیابانی بوشری لەگەڵ ئەندامانی (دیفاع وەتەنی) بووەتە شەڕیان.

لەم دواییانەدا پەیوەندی نێوان فیرقەی چوار و (دیفاع وەتەنی) بە هۆی دابەشکردنی ئەو زەوییانەوە، کە دومەڵانیان تێدایە، گرژییەکی توندی بەخۆیەوە بینیووە.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕەکە پەرەی سەندووە و بووەتە تەقە و لە ئەنجامدا (سەبع ئەلمەجید تەمەن 29 ساڵ) و (لەیس ئەلجومعە 36 ساڵ) کە دوو ئەندامی هێزەکانی (دیفاع وەتەنی) بوون کوژراون.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان