له‌ یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و ریال مه‌درید رێز له‌ سێرجیۆ رامۆس ده‌گرێت

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

له‌ چوارچێوه‌ی یارییه‌كانی هه‌فته‌ی 26 ی خولی ئیسپانی ناسراو به‌ لالیگا، ئه‌مشه‌و كاتژمێر 11:00 ریال مه‌درید له‌ نێو یاریگای خۆی رووبه‌ڕووی سیڤیا ده‌بێته‌وه‌.

کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدرید، گەڕانەوەی یاریزان ئەنتۆنیۆ ڕودیگەری بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و راگه‌یاند، دوای ئەوەی لە پێکان چاک بووەوە.

به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌ له‌ دانی کارڤاخال و ئێدواردۆ کاماڤینگا به‌هۆی سڕكردن و تیبۆ کۆرتوا، دەیڤد ئالابا، ئیدەر میلیتاو، خۆسێلۆ و جود بێلینگهام، بەهۆی پێکانەوە، بەشداری ناکه‌ن.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئەم یارییە یەکەم گەڕانەوەی سێرجیۆ رامۆس دەبێت بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ، دوای ئەوەی لە هاوینی 2021 تیپەکەی جێهێشت و روویكرده‌ یانه‌ی پاریس سانجێرمان.

ڕامۆسی ئەستێرەی پێشووی ریال و ئێستای سیڤیا وێنەیەکی لە هەژمارەکانی خۆی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ و لە کۆمێنتێکدا نووسیویەتی، دوای چەندین ساڵ ئه‌مه‌ تایبەتترین یارییە و ئامانجمان بردنەوەیە.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ڕایانگەیاندووە، یانەی ڕیال مەدرید سوپرایزێک بۆ ڕامۆس ئامادە دەکات، رێزی لێدەگرێت.

رامۆس رایگەیاندووه‌، ئەگەر گۆڵ بەرامبەر ڕیال مەدرید تۆماربکات، ئاهەنگ ناگێڕێت. ڕامۆس بۆ ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان یاری کرد، پێش ئەوەی هاوینی رابردوو بگه‌ڕێته‌وه‌ ریزه‌كانی سیڤیا.