بەریتانیا و ئەوروپا پێکەوە رووبەڕووی کۆچبەری نایاسایی دەبنەوە

هەولێر– نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، شانشینی بەریتانیا و دەزگای پاسەوانی سنووری ئەوروپا رێککەوتنێک ئەنجام دەدەن، سەبارەت بە کارکردنی پێکەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەریی نایاسایی.

بە گوێرەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، بەهۆی رێوشوێنە توندەکانەوە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە بە بەلەمی تێکشکاو دەگەنە کەناراوەکانی باشووری بریتانیا، لە ساڵی رابردوودا بە رێژەی یەک لەسەر سێ کەمیکردووە.

 دوێنێ وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد کە ئەو رێککەوتنە بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگرییە، لەنێوان پاسەوانی سنووری ئەوروپا و بەریتانیادا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی باندەکانی قاچاخچێتی مرۆڤ.

ئەوەشیان خستەڕوو، کە رێککەوتنەکە هاوکاری پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای نوێش لەخۆدەگرێت، وەک بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ پاراستنی سنوورەکان.