سلێمانی – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند پرۆژەیەک بۆ شارەکە مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و شاندێکى باڵاى حکومەتەکەی سەردانى پارێزگای هەڵەبجەیان کرد لە هەرێمی کوردستان.
لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شانەدەکی یاوەری سەردانی مۆنیۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەیان کرد و تاجە گوڵینەی لە بەردەم سیمبولی شەهیدانی هەڵەبجە دانا .
بە گوێرەی بەرنامەی سەردانەکە، بڕیارە لە گەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە کۆببنەوە و یاداشتێکى 10 خاڵى بدرێتە شاندەکەى حکومەتى هەرێمی کوردستان، کە چەند داواکارییەکى شاری هەڵەبجەی لەخۆگرتووە.
خاڵێکی دیکە لە بەرنامەی سەردانەکە، راگەیاندنی تابلۆى نوێى ئۆتۆمبێلى هەڵەبجەیە، وەکو سەرجەم پارێزگاکانى دیکەی هەرێمی کوردستان، ئەوەش مانای دانپێدانانێکی فەرمییە بۆ بە پارێزگا بوونی شارەکە.
بەرنامەیەکی دیکەی سەردانەکەی، دانانی بەردى بناغەى پردى تووەقوتە، کە هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە ئیدارەى گەرمیانەوە، پاشان بڕیارە بچنە کارگەى شیرى راسان، کە کارگەیەکى خۆماڵییە بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان و ساڵی ئایندە تەواو دەبێت و 30%ى بەرهەمى شیری عێراق دابیندەکات.