پاش رەخنەگرتن لە بەرنامە ئەتۆمییەکانی.. ئاژانسی ئەتۆمی بانگهێشت دەکرێت بۆ تاران

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێران بانگهێشتی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کردووە بۆ سەردان کردنی تارانی پایتەخت لە مانگی ئایاری داهاتوودا.

لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵدا تاران دانانی بناغەکانی وێستگەیەکی ئەتۆمی نوێی لە ئیسفەهان راگەیاند، ئەمەش دوای چەند رۆژێک هات لە راگەیاندنی دروستکردنی کۆکەرەوەیەکی وێستگەی ئەتۆمی لە باشووری ئەو وڵاتە، تاران لە ساڵی 2018ەوە لە ژێر کاریگەریی سزاکانی ئەمریکادایە، کە سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنە ئەتۆمییە مێژووییەکە کشایەوە کە بە هۆیەوە سزاکان سووک کرابوون لەسەر ئێران، لە بەرامبەر سنووردارکردن چالاکییە ئەتۆمییەکانی، بۆ ئەوەی رێگری لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بکرێت.

بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، رافائیل گرۆسی، سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران رەخنەی لە ئێران گرت و گوتی: “کۆماری ئیسلامی زۆر زیاتر لە پێداویستییەکانی بەردەوامە لە پیتاندنی یۆرانیۆم”.

محەممەد ئیسلامی سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران گوتی: گرۆسیمان بانگهێشت کردووە بۆ پێشکەشکردنی گوتارێک لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، کە لە نێوان 6 بۆ 8ی ئایاردا، لە ئێران بەڕێوە دەچێت.

لە مانگی ئاداری رابردوودا، گرۆسی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران کۆبووەوە و پێشوازی لەو “گفتوگۆ بنیاتنەرانە”ی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران کرد.

لەماوەی رابردوودا، گرۆسی ئامادەیی خۆی بۆ سەردانکردنی ئێران دەربڕیووە، هاوکات ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە لە چاودێریکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، کە تا ئێستاش لە پەرەسەندندایە و تاران رەتیدەکاتەوە نیازی بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی هەبێت.

دوێنێ بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەگەڵ ئەبرام بەیلی، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران کۆبووەوە و گوتی “واشنتۆن بە قووڵی نیگەرانە لە بەردەوامی فراوانکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران”.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە