کوژرانی گەنجێکی پەنابەری سووری لە باشووری تورکیا

ئیدلیب- نۆرس پرێس

دوێنێ شەو، شەممە، پەنابەرێکی سووری خەڵکی ئیدلب لەلایەن چەند گەنجێکی “تورک”ەوە بە چەقۆ کوژرا، لە شاری ئەنتاکیای باشووری تورکیا.

ئەو گەنجە سوریە ناوی فارس ئەلعەلییە و تەمەنی 21 ساڵە، دوای ئەوەی لەلایەن ئەو تورکانەوە بە چەقۆ لێیدەدرێ، گیان لەدەست دەدا؛ لە کاتێکدا دەرچوونیدا لە یاریگایەک، لە قەزای نازڵجای ویلایەتی ئەنتاکیا لە باشووری تورکیا، بەپێی میدیاکان.

ئەو گەنجە سورییە خەڵکی گوندی مەعربلیت-ی سەر بە چیای زاویەیە لە باشووری ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سووریا و لە ئەنجامی شەڕی سووریا ساڵانێک لەمەوبەر باوکی لە دەست داوە.

جگە لەوەش ماڵپەڕی “کۆزاڵ”ی تورکی کە تایبەتمەندە بە هەواڵی سووری لە تورکیا ڕایگەیاندووە کە “ئەلعەلی” ڕۆژێک پێشتر لەکاتی کارکردندا لە هاتای ژنێکی تورک دەناسێت، دواتر و لە ڕووداوێکدا 6 کەس هێرشیان کردووەتە سەری و بە چەقۆ لێیانداوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا، سوڵتان جوبنەی تەمەن 24 ساڵ کە خەڵکی شاری حومسە، بەهۆی چەند برینێکی چەقۆوە گیانی لەدەستدا؛ کە لە ئەستەنبوڵ لەلایەن گەنجانی تورکەوە لێیدرا و سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لەو کاتەدا پشتڕاستیان کردەوە کە پاڵنەرەکانی “تەنها ڕەگەزپەرستانە”. بووە.

رۆژی 10ی مانگی ئایاری رابردووش، گەنجێک بە ناوی سامر مەساس کە هاوڵاتیەکی ئاوارەی خەڵکی شاری حەڵەب بوو، لە ویلایەتی هاتای باشووری تورکیا لەلایەن گەنجانی تورکیاوە بە “هۆکاری رەگەزپەرستانە” کوژرا.