ڕێکخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی: بە ئامانجگرتنی دووبارەی ژێرخانی رۆژئاوای كوردستان، مەترسی ئاوارەبوونی هاووڵاتیان زیاتر دەکات
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ ڕێکخراوی سوورییەکان بۆ راستی و دادپەروەری ناوەڕۆکی دانیشتنێکی بڵاوکردەوە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر ژێرخانی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامیاندابوو.
دانیشتنەکە لەژێر ناونیشانی دوبارەبوونەوەی بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری مەترسی ئاوارەبوونی زۆرەملێ زیاتر دەکات ڕێکخرابوو، تیایدا رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی جەختیان لەوە كردووە كە بۆردومانكردنی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن توركیاوە مەترسی ئاوارەبوونی دانیشتوان زیاتر دەكات.
بەرپرسی ڕێکخراوی دیموکراتی ئاشووری، گەبرێل موشی، لە میانی دانیشتنەکەدا رایگەیاند، هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا کاریگەری لەسەر مێژووی بوونی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ناوچەکە هەبووە.
لای خۆیەوە وائیل میرزا ئەندامی دەستەی کارگێڕی پارتی دیموکراتی ئاشووری ئاماژەی بەوەدا تورکیا هەر لەسەرەتاوە رێڕەوێك بووە بۆ توندڕەوەکان.
وتیشی، گوندەکانی خابور کە ئاشوورییەکان لێی نیشتەجێ بوون، لە ئەنجامی هێرشەکانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دانیشتووانەکەی ئاوارە بوون، ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە 90%ی دانیشتوانی گوندەکانی خابور کە ژمارەیان بە 35 هەزار كەس مەزەندە دەکرێت، لە ناوچەکانیان ئاوارە بوون.
لای خۆیەوە، سوعاد حەسۆ، ئەندامی یەکێتی ژنانی ئێزیدی دەستی خستە سەر ئەو پێشێلکاریانەی کە لە عەفرین بەرامبەر بە ئێزیدییەکان بە هۆی جیاوازی ئایینیانەوە ئەنجام دەدرێن، ئەمەش بووەتە ئاوارەبوونی زۆرەملێ، هەروەها ئێزیدییەكان دەست بەسەر موڵک و ماڵیاندا گیراوە و مەزارگە ئاینییەکانیان خاپور كراون، لە هەمانكاتدا توركیا هەوڵی بە تورکكردن دەدات لە ناوچە، هەموو ئەمانە ترسیان لای پێكهاتەی ئێزیدی درووست كردووە.
بەشداربووان داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگاکانی گەرەنتیکار کرد دەستوەردان بکەن بۆ وەستاندنی بەئامانجگرتنی ژێرخانی و دامەزراوە گرنگەکان لە رۆژئاوای كوردستان.