رەققە – نۆرس پرێس
بەرپرسێکی بەڕێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، بەڕێوبەری خۆسەری دروستکردنی ئەو دامەزراوانە تەواو دەکات کە بەم دواییە لەگەڵ پەسەندکردنی پەیمانی کۆمەڵایەتی لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ناوچەکەدا.
ئەو دامودەزگا سەرەکیانەی کە بەڕێوبەری خۆسەری کار بۆ دروستکردنیان دەکات بریتین لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و دادگای پاراستنی پەیمانی کۆمەڵایەتی کە هاوتای دادگای دەستوورییە.
لەمبارەیەوە فەرید عەتییە هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دیموکراتی گەلان کە ئەو ئەنجومەنەیە جیگای ئەنجومەنی گشتی یاسادانانی گرتەوە بە نۆرس پرێسی وت: کار لەسەر یاسای کاری کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و پەیكەربەندیی دادگای پاراستی پەیمانی کۆمەڵایەتی دەكەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی مانگی ئاداری داهاتوودا سەرجەم یاساکان دەردەچن و پەیكەربەندیی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و دادگای پاراستنی پەیمانی کۆمەڵایەتی پەسەند دەکرێن، هەروەها کار لەسەر چاودێریکردنی ئەو یاسایانە دەكرێت کە لە رۆژئاوای كوردستان دەردەچن و دەبێت دڵنیابن لە پابەندبوونیان بە پەیمانی كۆمەڵایەتی و هەر یاسایەک پابەند نەبێت بەو پەیمانە دوای لێکۆڵینەوە رەتدەكرێتەوە.
وتیشی سەرجەم دامودەزگاکان بەپێی هەڵبژاردنەکان پێکدەهێنرێن، بەڕێوبەری خۆسەریش لە رۆئاوای كوردستان لە کۆتایی مانگی نیسانی داهاتوو دەست بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکات.