یەکێتیی ئەوروپا ئەرکێکی سەربازی بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور دەستپێدەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
یەکێتیی ئەوروپا، لە راگەیەندراوێكدا، دەستپێکردنی چالاكییەكانی ئەركێكی دەریایی ئەوروپی بە ناوی “ئاسپیدس” بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور راگەیاند، لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی لەلایەن گروپی حوسییەکانی یەمەن دەكرێتەسەر كەشتییەكان.
لە 19ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، ئەمریکا هاوپەیمانییەکی فرەنەتەوەیی بۆ پاراستنی دەریایی بۆ پاڵپشتیکردنی کەشتیوانی لە دەریای سووردا دەستپێکردبوو.
لەمبارەیەوە جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت، ئەو هێزە وەڵامی خێرای دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایشی دەریایی و ئازادی کەشتیوانی لە ڕێڕەوێکی دەریایی کە گرنگییەکی ستراتیژی گەورەی هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنەکە تێڕوانینێک بۆ دۆخی دەریایی دەدات و یاوەری کەشتیەکان دەکات و دەیانپارێزێت لە ئەگەری هێرشی فرەلایەنە لە دەریادا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ژمارەی ئەو کەشتیانەی تێدا نەخراوەتەڕوو کە بەشداری ئەو ئەرکە دەکەن. بەڵام یەکێتی ئەوروپا رایگەیاندووە کە ئەرکەکە بە درێژایی هێڵە سەرەکییەکانی پەیوەندی دەریایی لە گەرووی بابولمەندەب و گەرووی هورمز و هەروەها ئاوە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور، کەنداوی عەدەن، دەریای عەرەبی و کەنداوی عومان چالاک دەبێت.