یۆنان بۆ ئەردۆگان: تورکیا بەو لێدوانانە یەکگرتوویی ناتۆ تێکدەدات

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی یۆنان رایگەیاند، لێدوانەکانی ئەم دواییەی تورکیا، کە لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە دەرچووە، یەکگرتوویی ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) تێکدەدات.

ئەمەش لە وەڵامی ئەو قسانەی کە رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا، پێشتر لە هەمان رۆژدا، سەبارەت بە سەروەری دوورگەکانی ئیجە قسەی کردبوو.

ئەردۆگان لە وتارێکدا، دوێنێ شەممە، لە پارێزگای سامسۆن لە کەناری دەریای رەش وتی، “داگیرکردنی دوورگەکانی ئیجە لەلایەن یۆنانەوە، نیگەرانمان ناکات (..) کاتێک کاتی هات، ئێمە ئەوەی پێویست بێت دەیکەین وەک دەڵێین، لەناکاو، دەتوانین لە شەوێکدا بێین”.

وەزارەتی دەرەوەی یۆنان وەڵامی دایەوە؛ بەوەی کە دەڵێ “تورکیا وازناهێنێت لە لێدوانی شەرمەزارکەر و هەڕەشەی ڕۆژانەی دووبارە.”

بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاوی کردووەتەوە؛ وەزارەتی دەرەوەی یۆنان دەڵێ “ئێمە دەستبەجێ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان لە ناوەڕۆکی لێدوانە بێزارکەرەکانی ئەم دواییە، ئاگادار دەکەینەوە، بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کە کێ یەکگرتوویی هاوپەیمانی (ناتۆ)مان تێکدەدات بە تایبەتی لە کاتێکی مەترسیداری وەک ئێستادا.”

ئەم دوو وڵاتە دوژمنی مێژوویین، لە هەمان کاتدا ئەندامی ناتۆن.

تورکیا و یۆنان ناکۆکییان لەسەر پرسگەلێک هەیە لەوانە ناوچەکانی فڕین، شایستەی دوورگەکانی ئیجە، سنوورە دەریاییەکان و سەرچاوەکانی وزە لە دەریای ناوەڕاست، هەروەها دابەشبوونی نەتەوەیی قوبرس.

وەزارەتی دەرەوەی یۆنان وتی: لە هەمان کاتدا بەردەوام دەبین لە کارکردن؛ بە پشت بەستن بە پەیڕەوی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسای دەریایی، وەک لایەنگری ئاسایش و سەقامگیری تەواوی ناوچەکە.”

ئەنکەرە لەم دواییانەدا ئەسینا تۆمەتبار دەکات بە پڕچەککردنی دوورگەکانی ئیجەی لەچەک داماڵراو، بەڵام ئەسینا رەتیدەکاتەوە، شایانی باسە ئەردۆگان پێشتر یۆنانی بە “داگیرکردنیان” تۆمەتبار نەکردووە و ئەمە یەکەمجارە دەستەواژەی وا بەکاربهێنرێت.

ئەنکەرە لەم دواییانەدا توڕەیی خۆی دەربڕی لەوەی کە وتی؛ فڕۆکەکانیان لەلایەن هێزەکانی یۆنانەوە هەراسانکراوە؛ بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-300؛ کە گوایە یۆنان بەرامبەر بە فڕۆکەکانی تورکیا بەکاری دەهێنێت لەکاتی گەشتێکی ڕۆتینیدا.

تورکیا لە 30ی ئابدا یادی دەرکردنی هێزەکانی یۆنانی لە زەویەکانی لە ساڵی 1922 دا کردەوە و دوێنێش ئەردۆگان داوای لە یۆنان کرد کە “ئیزمیر لەبیر نەکات”، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەم رۆژە و ئە یادە.