حوسییەکان بەئامانجکردنی کەشتییەک و تێکشکاندنی درۆنێکیان لە کەنداوی عەدەن راگەیاند
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، گوتەبێژی حوسییەکانی یەمەن بەئامانجکردنی کەشتییەکی بریتانی و تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکییان لە کەنداوی عەدەن راگەیاند.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند:”هێزەکانمان لە کەنداوی عەدەن بە چەند مووشەکێک کەشتییەکی بەڕیتانییان کردە ئامانج و کەشتییەکە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و نوقم بووە”.
گوتیشی: “هێزەکانی بەرگری ئاسمانی حوسییەکان سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندن و خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکادا، لە رێگەی چەند مووشەکێکەوە”.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لایەنەکانی بەرامبەر هیچیان ئەو رووداوانەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
سەریع جەختی لەوە کردەوە، کە تا “دەستدرێژی و گەمارۆ” بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامبێت، ئەوانیش بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان.