سەرانی ئۆپۆزسیۆن دەستدرێژی دەکەنە سەر گەنجێک لە عەفرین

عەفرین – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، پێشەنگەکانی سۆشیال میدیا تۆمارێکی ڤیدیۆیی کامێرایەکی چاودێرییان بڵاوکردەوە کە لە شەقامێکی شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، تۆمارکراوە، تێیدا هێرشی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی لایەنگری تورکیا بۆ سەر کەسێکی بێچەک پیشان دەدات.

سەرچاوەیەکی ناوخۆیی بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، ئەندامانی گروپی “جەیش ئەلشەرقییە” هێرشیان کردووەتە سەر گەنجێکی بێچەک، بە هۆی بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی لە واتسئەپ، تیایدا پیاوێکی ناجێگیری دەروونی دەردەکەوێت کە بە (ئەبو عەلی) ناوی بردووە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كاتێك چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن گرتەکەیان له‌ ته‌له‌فۆنی گه‌نجه‌كه‌دا بینی، لێیان ده‌دا، پێیان وابوو مه‌به‌ست لەو ناوهێنانەی سه‌رۆكی گروپەکەیانە‌ به‌ ناوی “حوسێن حه‌مه‌دی” كه‌ نازناوی “ئه‌بو عه‌لی”ه‌.

رۆژی بیست و دووی مانگی ئابی رابردوو، سەرکردەیەکی گروپی سوڵتان مورادی لایەنگری تورکیا، جیابوونەوەی خۆی لە دامەزراوە سەربازییەکانی “جەیش وەتەنی” راگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن ئەندامانی لایەنی “بەرەی شام”ەوە هێرشی کرایە سەر.

شاری عەفرین و دەوروبەری لە مانگی ئازاری 2018 ەوە لە لایەن گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆزی تورکیاوە داگیرکراوە.

ناوچەکە دۆخێکی گەرەلاوژێی ئەمنی بە خۆوە دەبینێت و هێرش و کوشتنی دووبارەی لەگەڵدایە، ئەویش بەهۆی لاوازی ئەو گروپانە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئاسایشی ناوچەکە.