لازقیە.. بەهۆی باران بارینی بەخوڕ ئاو چووەتە ناو ماڵەكان و دەوامی قوتابخانەكان راگیراوە

لازقیە – نۆرس پرێس

سەرچاوە خۆجێییەکان لە لازقییە رایانگەیاند، دوای بارانبارینی زۆر لە پارێزگاكە، تیمەکانی بەرگری شارستانی سوریا ئێوارەی دوێنێ توانیان سێ کەس ڕزگار بکەن کە بەهۆی ئاوەوە لەسەربانی کێڵگەیەک لە گەڕەکی زەقزەقانیە گیریان خواردبوو.

لە لازقیە بارانبارینی بەخوڕ لە بەرەبەیانی دوێنێ تا کاتژمێرەکانی ئێوارە بەردەوام بوو. بەگوێرەی ئەوەی لەلایەن نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای لازقیە بڵاوکراوەتەوە ڕێژەی بارانبارین گەیشتووەتە 130 ملم.

سەرچاوەکان بۆ نۆرس پرێس ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو شوێنەی سێ كەسەكەی لێ رزگاركراوە ئاستی ئاو تا سێ مەتر بەرز ببوەوە. ئاو چووە ناو زۆربەی ماڵە ژێرزەمینییەکانی گەڕەکەکانی لازقییە

لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ یەکشەممە، عامر ئیسماعیل پارێزگاری لازقییە بەهۆی خراپی کەشوهەوا، پشووی لە سەرجەم قوتابخانە حکومییەکان راگەیاند.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش