“تەحریر شام” لە یەکێک لە کەمپەکانی ئیدلب دەیان كەس دەستگیر دەكات

ئیدلب – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرە) ی پێشوو هەڵیکوتایە سەر کەمپی کیللی لە باکووری ئیدلب و 21 کەسیان دەستگیرکرد کە چواریان ژن بوون، بە تۆمەتی هاندان لە دژی تەحریر شام .

بەرپرسێکی پۆلیسی شارۆچکەی کیللی کە بەرپرسە لە کەمپی باکووری ئیدلب، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەزگای ئەمنی گشتی دەستەی تەحریر شام هەڵیانکوتایە سەر 15 خێمەی ناو کەمپەكە و 21 كەسیان دەستگیركرد، لەنێویاندا چوار ژن هەن، بە تۆمەتی پلاندانان بۆ خۆپیشاندانێک دژی دەستەی تەحریر شام و سەرکردەکەی.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ناوەڕاستی کەمپەکەدا بازگەیەکی ئەمنی دانراوە، جگە لە خاڵێکی دیکەی پشکنین لە دەروازەی رۆژهەڵاتی کەمپی کیللی، بە ئامانجی توندکردنەوەی ئاسایش لەسەر ئەو کەسانەی لەناو کەمپەکەدا نیشتەجێن و تەواوکردنی گەڕان بەدوای داواکراوان.

لە لایەكی دیكەوە پەیامنێری نۆرس پرێس رایگەیاندووە، ئەمڕۆ لە کەمپەکانی ئەتمەی باکووری ئیدلیب، خۆپیشاندان دژ بە دەستەی تەحریر شام بەڕێوەچووە و خۆپیشاندەران داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی دەستگیرکراوەکانیان كە لەلایەن دەستەی تەحریر شام دەست بەسەرن.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: سەعد یازچی