شەپۆلێکی باران و لافاو هەرێمی کوردستانی گرتەوە و تا دوو رۆژی دیکە بەردەوام دەبێت
هەولێر – نۆرس پرێس
ماوەی دوو رۆژە شەپۆلێکی باران بارین و لافاو ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، ئەمەش جگە لە سوودەکەی بۆ کشتوکاڵ و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاو چەند زیانێکی هەبووە.
دوێنێ ئێوارەی پێنجشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند کە لە چاو ساڵانی دیکەدا زیانەکان کەمترن، بە گوتەی پارێزگار کە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی رێکارەکانی پێشترەوە مەترسی لافاو زۆر کەمکراوەتەوە، بەڵام لە چوار گەڕەکی هەولێر بەردەوام مەترسی لافاو هەیە.
راشیگەیاند، نزیکەی 10 ئۆتۆمبێل بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە و زیان بە چەند دووکانێک کەوتووە و بەشێک زیانی ئۆتۆمبێلەکان بەهۆی سەرپێچی شۆفێرەکانەوە بووە.
هەروەها هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێکدا داوای لە هاووڵاتییان کرد، بۆ کاری پێویست نەبێت شەقامە سەرەکییەکانی دەرەوە و ناوەوەی شار بەکارنەهێنن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەموو تیمەکان ئەرکی پێویستی خۆیان جێبەجێ دەکەن، هاوکار و پشتیوانیان بن”.
لە لایەکی دیکەوە، ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان دۆخى نائاسایی راگەیاند و داوای لەو هاووڵاتییانە کرد کە ماڵەکانیان نزمە، بچنە شوێنێکى بەرزتر و سەلامەتتر.
لە راگەیەندراوێکدا ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان ئاگاداری هاووڵاتییانی سنووری گەرمیانی کردەوە، بەهۆی زیادبوونی شەپۆلی بارانبارین لەناو شار هاتوچۆ نەکەن و ئەوانەی ماڵەکانیان نزمە، قاتی سەرەوە بەکاربهێنێت یان بڕۆنە شوێنی سەلامەتتر.
ئەمڕۆ هەینیش، کەشانسی هەرێمی کوردستان پێشبینیەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بارانبارین بەردەوام دەبێت.