ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پرۆژەیاسای “دژ بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەسەد” پەسەند کرد

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە پشتیوانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات، رەشنووسی “یاسای دژ بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی ئەسەد”ی پەسەند کرد.

رەشنووسەکە هەر جۆرە کارێکی فەرمی قەدەغە دەکات کە پێویستی بە دانپێدانان یان ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بێت، لەگەڵ هەر حکومەتێک لە سووریا، کە بەشار ئەسەد سەرۆکایەتی بکات، هەروەها هەموارکردنەوە بۆ یاسای سزاکانی ئەسەد دەکرێت.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا (کۆنگرێس) بە زۆرینەی 389 دەنگ لە دژی 32 نەیار رەشنووسی یاساکەی پەسەند کرد.

پڕۆژە یاساکە هەوڵدەدات هەموو دەسەڵاتە بەردەستەکان بەکاربهێنێت بۆ رێگریکردن لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەت، هەروەها لە سەرجەم بەرپرسان یان کارمەندانی فیدراڵی قەدەغە دەکات کە رێوشوێن بگرنەبەر، یان پارە تەرخان بکەن، کە ببێتە ئاماژە بۆ دانپێدانانی ئەمریکا بە حکومەتی سووریادا.

پڕۆژە یاساکە پێویستی بە پەسەندکردنی کۆنگرێس هەیە و دەبێت لە قۆناغی کۆتاییدا لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە پەسەند بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت کاریگەر بێت.

داڕشتنەوەی: عەگید مشمش