بەغدا ژمارەی ئەو خێزانانە دەخاتەڕوو کە لە کامپی هۆلەوە گەڕاونەتەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، 1924 خێزانی عێراقی لە کامپی هۆلەوە لە رۆژئاوای کوردستان گەڕێنراونەتەوە بۆ عێراق.
ئەعرەجی رایگەیاندووە، 1200 خێزان لەو ژمارەیە گەڕێنراونەتەوە بۆ ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان لە شار و پارێزگاکانی عێراق.
لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا 150 خێزانی عێراقی کامپی هۆلیان بەجێهێشت، بەمەش بوونە گروپی 13 کە بەرەو کامپی ئەلجەدەع لە موسڵ بەڕێکەوتن، پێش ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ زێدیان لە شارە جیاوازەکانی عێراق.
ئەو بەرپرسە ئەمنییە عێراقییە، لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە نیویۆرک گوتیشی، ئەو خێزانانەی گەڕێنراونەتەوە 7556 هاووڵاتی عێراقی پێکدەهێنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق پابەندە بە گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان لەماوەی ئەمساڵدا.