سەرۆکی هەرێمی کوردستان: دەبێت سنوورێک بۆ هەڵسوکەوتی گرووپە چەکدارەکان دابنرێت

هەولێر – نۆرس پرێس

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر پێویستیی “سنووردانان بۆ هەڵسوکەوتی گرووپە چەکدارەکان” دەکاتەوە و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات “رۆڵێکی بنەڕەتی لە پاراستنی هەرێمی کوردستاندا بگێڕێت”.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ هەردوو کەناڵی ئاسمانیی (ئەلعەرەبییە) و (ئەلحەدەس)ی ئیماراتی، نێچیرڤان بارزانی گوتی:”هەرێمی کوردستان ترسی لەوە هەیە کە بەغدا نەتوانێت بیپارێزێت”، و ئاماژەی بەوە دا “ئاڵنگارییە هەنووکەییەکان لە قۆناغی داعش سەختترن و هێڵی پێشەوەی بەرە نادیارە.”

سەرۆکی هەرێمی کوردستان (هەڵوێستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی) بەرز نرخاند و داوای لە حکوومەتی عێراقی کرد “لە پاراستنی هەرێمی کوردستاندا رۆڵێکی بنەڕەتی ببینێت”.

نێچیرڤان بارزانی روونیکردەوە، کە هەرێمی کوردستان “لە چوارچێوەی عێراقدا، نەک بە تەنها” بڕیار لەسەر بوون و مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەدات.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی رەتیکردەوە، کە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسرائیلدا هەبێت و گوتی:”هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئیسرائیل نییە و هیچ بارەگایەکی مۆسادیش لە هەرێمی کوردستان نییە.”

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە “بانگەشەکانی ئێران بۆ بوونی هێزەکانی مۆساد لە هەرێم، راست نین”. و گوتیشی “تاران هیچ بەڵگەیەکی لەسەر بوونی هێزەکانی مۆساد لە هەرێمی کوردستان، نەداوەتە بەغدا” و دووپاتیشی کردەوە کە “هەرێمی کوردستان سەرچاوەی هەڕەشە نییە بۆ ئێران و ناکرێ مووشەکبارانی ئێران کە بووە هۆی کوشتنی خەڵکی سڤیل، بخرێتە خانەی دۆستایەتی”.