مەسعوود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریكا بە وەكالەت لە عێراق دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە دەیڤید برگەر، باڵیۆزی ئەمریكا بە وەكالەت لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک لەسەر کۆبوونەوەکە کە بارەگای بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندەكانی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ و ئاستەنگەكانی بەردەم ئەو پەیوەندییانە ئاڵوگۆڕكراوە.
مەسعوود بارزانی بە شاندەکەی ئەمریکای راگەیاندووە “پێویستە هەموو لایەك پابەندی ئەو دەستوورە بن كە گەلانی عێراق دەنگیان پێ داوە و قەوارەی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی بپارێزرێن.”
هەروەها گوتویەتی “نابێت بەشێوەیەكی نادەستووری دەست لە پرۆسەی یاسادانانی هەرێم بدرێت. هەروەك لە دەستووریشدا بەڕوونی هاتووە لە دۆخی بوونی جیاوازی لەنێوان یاساكانی هەرێم و یاساكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەولەوییەت بۆ یاساكانی هەرێم دەبێت.”
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بەهۆی سکاڵایەک لەسەر یاسای هەڵبژاردن لە دادگەی فیدراڵیی عێراق، دیار نییە کەی دەکرێت، مەسعود بارزانی رایگەیاندووە کە “پێویستە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بکرێن، نابێت بە بیانووی نادەستووری دەست لە پرۆسەی هەڵبژاردن و رێوشوێنەكانییەوە وەربدرێت و نابێت كۆسپی بۆ دروست بكرێت و هەوڵ بۆ دواخستنی بدرێت بە بیانووی بوونی تانە یاساییەكان.”