گوندەواری حومس.. لە دوو هێرشی جیاوازی “داعش” دا هەشت ئەندامی هێزەکانی حکومەت کوژران
دێرەزوور- نۆرس پرێس
شەوی سێشەممە، لە دوو هێرشی جیاوازی رێكخراوی “داعش” لە گوندەواری حومس لە ناوەڕاستی سوریا و دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، هەشت ئەندامی هێزەکانی حکومەت کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
سەرچاوەیەک لە هێزەکانی حکومەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، چەکدارانی ڕێکخراوی داعش هێرشێکی توندیان دەستپێکرد، بۆ سەر سێ بارەگا و خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی حکومەت لە دەروازەی شاری سوخنە، ڕۆژهەڵاتی حومس.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێکدادانی توند لەنێوان هێرشبەران و هێزەکانی حکومەتدا دروستبوو و بۆ چەند کاتژمێرێک شەڕو پێكدادان بەردەوامی هەبوو، لەئەنجامدا حەوت ئەندامی هێزەکانی حکومەت کوژران و پێنجی دیکەش برینداربوون.
هەر بەپێی سەرچاوەکە ئەو ڕێکخراوە هێرشێکی دیکەی بۆ سەر بارەگایەکی هێزەکانی حکومەت لە شارۆچکەی مەسرەب لە گوندەواری ڕۆژئاوای دێرەزوور دەستپێکرد و لە ئەنجامدا ئەندامێکی هێزەکانی حکومەت بە ناوی “هایل سەراوی” کوژراوە.