نەتەوە یەکگرتووەکان: ئاوارە گەڕاوەکانی سوریا رووبەڕووی پێشێلکاریی گەورەی مافی مرۆڤ دەبنەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە کە زۆرێک لەو سووریانەی لە شەڕ هەڵاتوون لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ سوریا ڕووبەڕووی پێشێلکاریی گەورەی مافی مرۆڤ دەبنەوە.

 بەپێی ئامارەکانی UNHCR زیاتر لە 5.5 ملیۆن پەنابەری تۆمارکراو لە وڵاتانی دراوسێی سوریا یان وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشێلکارییەکان بریتین لە دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجەدان، مامەڵەی خراپ، توندوتیژی سێکسی، بێسەروشوێنکردن و ڕفاندن.

هەروەها خەڵک دووچاری دەستبەسەرداگرتنی پارە و موڵک و ماڵیان دەبنەوە و لە ناسنامە و بەڵگەنامەی دیکە بێبەش دەکرێن.

ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، ڕاپۆرتەکە وێنەی ئازارەكانی ئاوارە گەڕاوەكان، بەتایبەتی ژنان دەکێشێت، لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی دیپۆرتکردنەوەی سورییەکان لە وڵاتانی دیکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی ئەم گەڕاوانە پرسیاری رژد لەبارەی پابەندبوونی وڵاتان بە ڕێکارە یاساییە پێویستەکان دەوروژێنێت.

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر پێویستی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانە کردووە کە لە وڵاتانی میوانداردا دەمێننەوە بەپێی بڕگەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش پرەنسیپی نەگەڕانەوەی پەنابەران، ئاماژەی بەوەشکرد کە دەبێت مافی پەنابەران و پەناخوازان ڕێزی لێ بگیرێت و گەڕانەوەش دەبێت خۆبەخشانە بێت.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە