بەرپرسی “کارگێڕی دارایی داعش” لە عێراق دەستگیرکرا

هەولێر – نۆرس پرێس

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێڕاق دەستگیرکردنی ئەندامێکی “داعش”ی راگەیاند، کە پۆستی بەرپرسی “کارگێڕی دارایی” لە رێکخراوەکەدا هەبووە لە عێراق.

لە راگەێنراوێکی دەزگای بەرانگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراقدا هاتووە، تێیدا هاتووە، کە “بە هەوڵی هەواڵگریی کە چاودێری و بەدواداچوونی ئۆپەراسیۆنەکانی لەخۆگرتبوو، پاڵەوانەکانی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر توانیان ئەو بەناو بەرپرسەی “کارگێڕی دارایی داعش” دەستگیر بکەن، دوای ئەوەی بە پاسپۆرت و بەڵگەنامەی ساختەوە هاتووەتە بۆ عێراق بۆ ئەنجامدانی چالاکیی تیرۆریستی”.

دەزگا عێراقییەکە دەڵێ، هەوڵە هەواڵگرییەکانیان بەردەوامە “بۆ هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی پاشماوەی تۆڕەکانی داعش و پووچەڵکردنەوەی پلانە تیرۆریستییەکانیان، بۆ ئەوەی عێراقەکەمان لە ئاسایش و سەقامگیری بەهرەمەند بێت”.