لە بۆردوومانێکی حکومەتی سووریادا لە گوندەواری ئیدلیب کەسێک کوژرا و دووی دیکەش برینداربوون

ئیدلیب – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، بە هۆی تەقینەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە بە ئۆتۆمبێلێکدا، لە چواردەووری ناوچەی کفرعرممە لە گوندەواری رۆژئاوای ئیدلب، کەسێک کوژرا و دووی دیکەش برینداربوون، کە یەکێکیان سەرکردەیەک بوو لە دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو).

سەرچاوەیەک لە دەزگای ئەمنی سەر بە تەحریرشام لە ئیدلب بە نۆرس پرێسی راگەیاند، فڕۆکەکە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتی سووریاوە هەڵدراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە بریندارەکانی ناو ئۆتۆمبێلە بەئامانجکراوەکە ناوی “ئەبولمیقداد ئەلشامی”ە و سەرکردەیە لە دەستەی تەحریرشام.

دوێنێ دووشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو “دوو ماتۆڕسکیل”ی لە سەر شەقامی ئیشتیراق، لە باشووری جسرئەلشەغور لە رۆژئاوای ئیدلب کردە ئامانج و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و دووی دیکەش برینداربوون.

لەم چوارچێوەیەدا، پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن و حکومەت رایانگەیاند، کە هێزەکانی حکومەتی سووریا دەوروبەری گوندی ئەلفەتیرەیان لە گوندەواری باشووری ئیدلب و گوندی ئافسیان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی ئەو شارە بۆردومان کردووە.

باس لەوە کرا کە تۆپبارانی قورس گوندەکانی کفرتەعال، تەدیل، ئەلوساتە و کفرعەمە لە گوندەواری رۆژئاوای حەڵەب کراوەتە ئامانج.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: تەیسیر محەممەد