فەرەنسا پێشنیازێک دەداتە لوبنان، بۆ کشانەوەی حزبوڵڵا و کۆتاییهێنان بە ململانێکان لەگەڵ ئیسرائیل
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بلاویكردووەتەوە فەرەنسا پێشنیارێکی نووسراوی پێشکەش بە لوبنان کردووە خۆی لە سێ هەنگاودا دەبینێتەوە، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل.
پێشنیازی نووسراوی فەرەنسا یەکەم پێشنیازە کە پێشکەش بە لوبنان دەکرێت دوای هەوڵەکانی نێوەندگیری ڕۆژئاوا کە چەند هەفتەیەکە بەردەوامە.
ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردووە، ئامانجی پێشنیازەکە کۆتاییهێنان بە گرژییەكانە لەگەڵ ئیسرائیل و گەیشتنە بە یەکلاییکردنەوەی ناكۆكییەكان سەبارەت بە سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل، لە پێشنیازەكەدا داواكراوە چەکدارانی حزبوڵڵا بە دووری 10 کیلۆمەتر لە سنوور دووربكەونەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو ستیفان سیگۆرنێت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەفتەی ڕابردوو ئەو بەڵگەنامەیەی ڕادەستی بەرپرسانی باڵای لوبنان کردووە، لەنێویاندا نەجیب میقاتی سەرۆکوەزیرانی كاربەڕێكەر.
ئامانجی ئەم پێشنیازە ڕێگریکردنە لە ململانێیەک کە هەڕەشەی ئەوەی لێ دەكرێت لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت، لە پێشنیازەکەدا هاتووە کە تا 15 هەزار سەربازی سوپای لوبنان لە ناوچەی سنووری باشووری لوبنان جێگیر بکرێن کە بە قەڵایەکی بەهێزی چەکدارانی حزبوڵڵا دادەنرێت. ئەمە لە كاتێكدایە حزبوڵڵا ڕەتیدەکاتەوە بە فەرمی دانوستان لەسەر ئاگربەست بکات پێش کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە .