ده‌ستپێكردنی قۆناخی حه‌وته‌می ئۆپه‌راسیۆنی هێزه‌كانی عێراق بۆ سه‌ر داعش له‌ ناوه‌ند و رۆژهه‌ڵاتی وڵات

قامیشلۆ – نۆرس – پرێس

ڕۆژی شەممە، حەوتەمین قۆناغی زنجیرەی ئۆپەراسیۆنی “ئیراده‌ی‌ پۆڵایین”لەدژی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” له‌ عێراق دەستیپێکرد، کە لە سەڵاحەدین و دیالە، لە ناوەند و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاته‌ی گرته‌وه‌.

لە ڕاگه‌یندراوێكدا شانەی راگەیاندنی ئه‌منی عێراق ڕایگه‌یاند، “بە سەرپەرشتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزه‌كانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەدین و دیالە و سامەرا بە پاڵپشتی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كان عێراق قۆناغی حەوتەمی ئۆپەراسیۆنەكە ده‌ستیپێكرد”

لەلایەکی دیکەوە شانەکە لە بەیاننامەیەکی دیکەدا ڕایگەیاند، کە هێزی ئاسمانی به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ل فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان هێرشێكیان بۆ سه‌ر مولگه‌یه‌كی داعش ئەنجامدا، و هێزی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین چوونه‌ته‌ شوێنی ئامانج گیراوه‌كه‌ بۆ پشکنینی شوێنه‌كه‌.

بەپێی راگەیەندراوەکە، قۆناغی حەوتەمی ئۆپەراسیۆنەکە بریتییە لە گەڕان بەدوای ناوچەکانی “حەوی ئەلعەزیم” بۆ گه‌ڕان به‌دوای شانەکانی داعش.

ئەم قۆناغە درێژەی قۆناغی شەشەمه‌ کە شەممەی رابردو ، لە شاری کەرکوک دەستیپێکرد.

رۆژی 18 ئابی رابردوو، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە دەستیان بە قۆناغی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنه‌كه‌ كرد، كە ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سەڵاحەدینی گرته‌وه‌.

ئەم زنجیرە ئۆپەراسیۆنە ئامانجی گه‌ڕانه‌ به‌دوای شانه‌كانی داعش، دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵدا چالاکی خۆی لە وڵاتدا زیاتر کردوه‌، بە تایبەت لە ناوچەکانی ناوەڕاست و هێڵی ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌: هۆزان زوبەیر